دامەزرێنەری ویكیلیكس خۆی رادەستی ئەمریكا دەكات


وێستگە نیوز- 

جۆلیان ئاسانگ دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویكیلیكس رایگەیاند، ئامادەیە بەڵێنەكەی جێبەجێ‌ بكات و خۆی رادەستی ولایەتە یەكگرتووەكان بكات، بەڵام بە مەرج. 

ئەسانگ لە هەفتەی رابردوودا پێشنیاری كرد، گەر واشنتۆن برادلی مانینگ سەربازی پێشووی سوپاكەی كە بە تۆمەتی دزەپێكردنی بەڵگەنامە نهێنییەكان بۆ ویكیلیكس زیندانی كراوە ئازاد بكات كە ئێستا رەگەزی خۆی گۆڕیوە و بووە بە ژن و ناوی چێڵسی مانینگە، خۆی رادەستی ئەو وڵاتە دەكات.

كۆشكی سپی لە سێ‌ شەممەی رابردوو رایگەیاند كە مانینگ لە 17ی ئایاری داهاتوو لە زیندان ئازاد دەكرێت دوای ئەوەی سەرۆك باراك ئۆباما حوكمەكەی بۆ سوك كرد.

دوای ئەو هەڵوێستە، ئەسانگ ئەمڕۆ پێنج شەممە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی لە باڵێوزخانەی ئیكوادۆرەوە لە لەندەن كە تێیدا نیشتەجێیە رایگەیاند: " بەڵێنەكەی جێبەجێ‌ دەكات و ئامادەیە بچێتە ولایەتە یەكگرتووەكان، بەو مەرجەی رێز لە مافەكانی بگیرێت".

ئەسانگ بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە سەبارەت بەو پێشنیارەی پێشتر كردبووی، داواش لە واشنتۆن دەكات ئەو تۆمەتانەی رووبەڕوووی كردووەتەوە، لاببات.

دادگای سەربازی لە مانگی ئابی 2013 سزای 35 ساڵ زیندانی بەسەر مانینگدا سەپاند لەبەرانبەر تاوانی دزەپێكردنی زیاتر لە 70 هەزار بەڵگەنامەی نهێنی بۆ ویكیلیكس.

سوككردنی سزاكەش دوای چەند رۆژێكی كەم بوو لەو راگەیاندنەی ماڵپەڕەكە بڵاویكردەوە كە دامەزرێنەرەكەی ئامادەیە خۆی رادەستی ولایەتە یەكگرتووەكان بكات، گەر ئۆباما رازی ببێت لە مانینگ خۆش ببێت. 


PM:11:09:19/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 2083 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو