عەلی قەرەداغی هۆشداریی دەداتە ترەمپ


وێستگە نیوز- 

شێخ عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی جیهانی مسوڵمانان، هۆشداری دایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە خراپی لێدوانە "رەگەزپەرستییەكان"ی دژ بە ئیسلام و پێشبینی كرد ببنە مایەی نانەوەی دووبەرەكی لەنێوان ئەمریكاییەكان، چارەنوسی ئەدۆڵف هێتلەری سەركردەی نازییەكانیشی بیرخستەوە. 
 
عەلی قەرەداغی لە زنجیرەیەك تویتدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی "تویتەر" بڵاویكردووەتەوە بەر لە دەستنیشانكردنی ترەمپ وەك سەرۆك، تێیاندا رایگەیاندووە: "لە فەزڵەكانی خودا بەسەر مسوڵمانانەوە ئەوەیە كە ترەمپ نەك هەر تەنیا دوژمنایەتی ئەوان دەكات، بەڵكو هێرش دەكاتە سەر ئەوانی تریش!،  كۆمەڵێك پرسی ئاڵۆزی وروژاندووە لەنێو كۆمەڵگەی ئەمریكا و تەنانەت هاوپەیمانەكانی ئەمریكاش گومانیان لەسەر دروستكردووە". 

عەلی قەرەداغی رووی دەمی دەكاتە ترەمپ و دەڵێت: "با ترەمپ باش بزانێت كە پڕوپاگەندە رەگەزپەرستییە قێزەونەكان و ترساندن بە (تیرۆریستی ئیسلامی) گەر سودی بۆی هەبوبێت لەپێناو گەیشتنە سەر حوكم، دەبێته مایەی نانەوەی دوووبەرەكی لەنێو ئەمریكاییەكان". 

بە وتەی ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی جیهانی مسوڵمانان: "وروژاندنی هەستی رەگەزپەرستی، كاریگەریی نەرێنی و كاولكاریی بۆ هەموان دەگەڕێتەوە و هێتلەریش كە بە نازیزم دەستپێكرد، لێمان دوور نییە". 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا دۆناڵد ترەمپ لەپاش  سوێند خواردنی دەستوری وەك سەرۆكی 45ى ولایەتە یەكگرتووەكان، لەلایەن باراك ئۆباماوە پۆستی سەرۆكایەتی رادەست دەكرێت.   

ترەمپ لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و دواتریش كە هەڵبژاردنەكانی بردەوە، گوتارێكی دڕندانەی هەبووە و تێیدا هێرشی كردووەتە سەر زۆرێك لە نێوخۆ و دەرەوەی ولایەتە یەكگرتووەكان، ئەوەش بووەتە مایەی ئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی رەخنەی لێبگیرێت، سەبارەت بە مسوڵمانانیش داوای كردبوو رێگە لە هاتنەوەوەی مسوڵمانان بۆ ئەو وڵاتە بگرێت و ئەوەشی راگەیاندبوو كە واشنتۆن دەزانێت "بۆچی مسوڵمانان رقیان لە ولایەتە یەكگرتووەكانە". 

   




AM:09:08:20/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 3582 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت