راوێژكاری ئهڵمانیا سەردانی تورکیا دەکات
وێستگه نیوز ـ
چاوهڕوان دهكرێت سهرهتای مانگی داهاتوو، ئەنگێلا مێرکڵ-ی راوێژکاری ئەڵمانیا، سەردانی تورکیا بکات.
بهپێی ههواڵێكی ئاژانسی ئهنادۆڵ، پرسی چارەسەری قەیرانی پەنابەران، کێشە هەرێمایەتییەکان، هاریکاریی لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و بابەتە ئابوورییەکان، گرنگترین تەوەرەکانی بەرنامەی کاری سەردانەکەی مێرکڵ دەبێت.
بڕیاریشه مێرکڵ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ بینالی یڵدرم، سەرۆک وەزانی تورکیا، ئەنجام بدات و دوای ئەوەش وهفدی هەردوو وڵات کۆببنەوە.
پیشبینی دەکرێت ئەنگێلا مێرکڵ لەهەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی ئەیلولی داهاتووی وڵاتەکەیدا بۆ جاری چوارەم پۆستی راوێژکاری ئەو وڵاتە بگرێتەوە دەست، لەنێو ئەو بابەتانەشدا کە لە تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ئهنقهره تاوتوێی دەکات، هاریکارییە لە چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەراندا.
مێرکڵ لەساڵی 2015دا بەهۆی هاتنی 890 هەزار پەنابەرەوە بۆ وڵاتەکەی تووشی دۆخێکی نەویستراو لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بوویەوە و دوای ئەوەش کە رێککەوتننامەکەی تورکیا لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و شەپۆلی پەنابەران بەهۆیەوە وەستێنرا، هەلومەرجی سیاسیی ناوبراو رووی لەباشی کردبوو.
سەرەڕای ئەو رەخنە چڕوپڕانەی کە ئاراستەی دەکرێت، راوێژکاری ئەڵمانیا بەرگریی لەکردنەوەی دەروازەکان بەڕووی پەنابەراندا کردووەتەوە و پێی وابووە بەهاریکاریی تورکیا ئەو قەیرانە دەتوانرێت چارەسەربکرێت، لەئێستاشدا و بەرلە وادەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەو وڵاتە، مێرکڵ دەیەوێت سەرکەوتویی سیاسەتەکانی نیشانی رای گشتیی ئەڵمانیا بدات.
PM:05:27:20/01/2017
ئهم بابهته 1377
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت