ده‌رباز محه‌مه‌د دوایین ئاماری ئاواره‌كانی موسڵ و حه‌ویجه‌ی راگەیاند

‌ماری كلود و دەرباز محەمەد

وێستگه‌ نیوزـ

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاند كە ژمارەی ئاوارەكانی پارێزگای نەینەوا و قەزای حەویجە سەربە پارێزگای كەركوك بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 220 هەزار كەس.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ماری كلود، وەزیری گەشەپێدانی كەنەدا كە ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ی شوباتی 2017، سەردانی بەغدای كردووه‌، ده‌رباز محەمەد ئاشكرایكرد: "ژمارەی ئاوارەكانی پارێزگای نەینەوا و قەزای حەویجە گەیشتووەتە 220 هەزار كەس و لە بەرامبەری ئەمەشدا ژمارەی ئەو ئاوارانەی كە تا ئێستا گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان ته‌نها 63 هەزار كەسن".

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق دووپاتی كردەوە كە ئامادەكارییەكانی وەزارەتەكەیان بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەی دیكە له‌ ئاستێكی باشدایه‌ و تائێستا 12 شوێنی فریاگوزاری بۆ ئاوارەكان ئامادە كراوە، ئاماژەی بەوەشدا كە بۆ ھاوكاریكردنی ئاوارەكان، هەماهەنگییان لەگەڵ هێزە ئه‌منییه‌كاندا هەیە.

ده‌رباز محەمەد جەختی كردەوە كە گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی مرۆیی و ئەخلاقی لە ئەستۆ بگرێت بۆ یارمەتیدانی عیراق لە بواری مرۆیی، چونكە عیراق باجی تیرۆری نێودەوڵەتی دەدات.

له‌به‌رامبه‌ریشدا ماری كلود، وەزیری گەشەپێدانی كەنەدا لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند كە وڵاتەكەیان پابەندە بەپشتیوانیکردنی ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی و عیراق بەتایبەتی لە بواری مرۆییدا.

پێشتریش وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاندبوو كە پێشبینی دەكەن لەگەڵ دەستپێكردنه‌وه‌ی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی خۆرئاوای موسڵ، 200 بۆ 250 هەزار كەس ئاوارە بن.


PM:09:26:22/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1713 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو