شیفا گه‌ردی‌ چۆن شه‌هید بوو؟


وێستگه‌ نیوز-

لەوەتەی شەڕی مووسڵ دەستیپێكردووە، تیمی رۆژنامەڤانانی رووداو، كە رووماڵی شەڕی مووسڵ دەکەن، هەموو بەیانییەك كاژێر پێنجی بەیانی لەبەردەم ئۆفیسی رووداو بەرەو شاری مووسڵ بەڕێدەكەون. ئەو رۆژەی شیفا شەهید بوو، رووداو سێ‌ تیمی ناردە مووسڵ. یەكێكیان تیمەكەی شەهید شیفا بوو.

رەنجە جەمال، كە ئەو رۆژە یەكێك بووە لە تیمەكانی (رووداو)، باسی دابەشكردنی ئیشەكانیان لە مووسڵ دەكات و دەڵێت "شەهید شیفا و وێنەگرەكەی چوونە ئەو قۆڵەی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی لێبوو، ئێمەش بۆ ئەو قۆڵە چووین كە هێزەكانی دژەتیرۆری لێبوو".

رەنجە جەمال و شەهید شیفا بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ یەك هەبوو، بۆ ئاگاداربوون لە كاری یەكدی. رەنجە دەڵێت "شەهید شیفا گوتی من لایڤێك دەكەم. منیش گوتم ڤیتییەك ئامادەدەكەم. من و كامێرامانەكەم لەگەڵ هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقی بۆ بەرەكانی پێشەوەی شەڕ لە وادی حەجەر چووین. لەكاتی گەڕانەوەمان، دروست لە كاژێر 3:30 خولەكی دوای نیوەڕۆ، پەیوەندیم بە شەهید شیفاوە كرد و پێمڕاگەیاند كە وێنەكانی شەڕم هێناوەتەوە و گەڕاومەتەوە و پێویستم بە ئۆتۆمبێلی راستەوخۆ هەیە. ئەو گوتی ئێستا دەینێرم".

لەكاتێكدا رەنجە جەمال سەرقاڵی ناردنی وێنەكانی شەڕ بوو بە ئێس ئێنجی، هاوكار، كە شۆفێری تیمەكەی شەهید شیفا و یونس مستەفا بوو، پەیوەندیی بە سامان، بەرپرسی شۆفێرانی رووداو دەكات و پێیاندەڵێت كە تیمەكەیان بۆمبێكی پێدا تەقیوەتەوە. رەنجە دەڵێت "دوای گەیشتنی ئەو هەواڵە، راستەوخۆ من و سامان و فریاد گەیشتنیە شوێنی رووداوەكە. لەسەر رێگەی مووسڵ-بەغدا بووین. تەنیا 5 خولەك لێیانەوە دووربووین. ئەوان لە باشووری مووسڵ لەنزیك چاڵی مەرگ بوون".

بەگوتەی هاوكارەكانی شەهید شیفا، چەند جارێك بەدوای ئەو چاڵەدا گەڕابوو، بەڵام نەیدۆزیبووەوە. لە رێگەدا هێزێكی حەشدی شەعبی دەبینن. پرسیاری چاڵی مەرگیان لێدەكەن. ئەوانیش گوتبوویان ئێمە شارەزاین و دەتوانین هاوكاریتان بكەین.

شەهید شیفا مەبەستی بووە وەك یەكەم میدیاکار خۆی بگەیەنێتە چاڵی مەرگ و لەوێ‌ نهێنییەكانی چاڵەکە لە تۆڕی میدیایی رووداوەوە بگوازێتەوە. رەنجە دەڵێت "كاتێك لە چاڵەكە نزیكببوونەوە، لە لێواری چاڵەكەدا بۆمبێكی چێندراویان پێدا دەتەقێتەوە. شیفا شەهیددەبێت. كامێرامانەكەشی برینداردەبێ‌. هەروەها سەید عەلی حەیالی، بەرپرسی هێزەكەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەك چەكداری دیكە گیان لەدەستدەدەن".

تیمەكانی رووداو لە مووسڵ دەگەنە شوێنی رووداوەكە، تەرمی شەهید شیفا دەۆزنەوە. لەوكاتەشدا ئەمبوڵانسێكی تیمە پزیشكییەكان دەگاتە لایان. تەرمی شەهید شیفا دەگوازنەوە شوێنی تیمی پزیشكیی سەربازانی ئەمریكی و دژەتیرۆری عێراق. دواتر تەرمەكەی دەهێنرێتەوە هەولێر.

فریاد، لە تیمی راستەوخۆی رووداو، ئەو بەیانییە لەگەڵ شیفا بەیەكەوە نانی بەیانییان خواردووە. باسی كاركردنی ئەو رۆژەیان دەكات و دەڵێت "تاوەكو نیوەڕۆ رووماڵێكی باشمانكرد. دواتر شەهید شیفا داوایكرد بچینە شوێنێك كە هیچ رۆژنامەڤانێک بۆی نەچووبێت. گوتی ئێمە وەكو رووداو یەكەمین و دەبێت یەكەمی بێ ركابەربین".

بەگوتەی فریاد، زۆر بەدوای شوێنی چاڵەكەدا گەڕاون، نەیاندۆزیوەتەوە، بەڵام شیفا سوور بووە لەسەر ئەوەی بیدۆزێتەوە. فریاد بەهۆی كاری تیمەكانی دیكەوە لە تیمەكەی شیفا دادەبڕێ‌. فریاد دەڵێت "ئەوان نزیكەی 4 خولەك بە ئۆتۆمبێل لە ئێمەوە دووربوون، دواتر لە كاژێر 3:45 خولەك دەنگی تەقینەوەیەكمان بیست، سەرەتا نەمانزانی ئەوانن، چونكە چەندین ئۆتۆمبێلی دیكە لەسەر ئەو رێگایانە بوون".

فریاد لەلایەن شوفێری تیمەكەی شەهید شیفاوە لە رووداوەكە ئاگاداردەكرێتەوە. ئەویش پەیوەندی بە ئۆفیسی رووداوەوە دەكات. فریاد دەڵێت "كاتێك هەواڵەكەم بە رووداودا، كەس بڕوای نەدەكرد.

فریاد زۆر باسی بوێریی شیفا دەکات و دەڵێت "زۆر بوێر و چالاك بوو. تەنانەت رۆژێك كە لێدوانمان لە فازڵ بەرواری، بەرپرسی فیرقەی ئاڵتوونی، وەرگرت، وەك ئاماژەیەک بۆ جوامێری، فازڵ بەرواری بە شیفای گوت (كاك شیفا)". فریاد دەڵێت "كاتێك لەگەڵ شەهید شیفا دەچووینە مووسڵ، واماندەزانی لەگەڵ دایكمان چووین، هەمیشە پەیوەندی بە تیمەكانی دیكەوە دەكرد و لە سەلامەتیی ئەوانی دیكەی دەپرسی".


AM:10:24:27/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 26600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت