ئەمڕۆ بەریتانیا پرۆسەی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێدەکات


وێستگه‌ نیوز ـ
تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا نامەی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپای ئیمزاکرد و بڕیارە ئەمڕۆش بە فەرمی پرۆسەکە دەستپێبکات.

نامەکەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بڕیارە ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29ی ئازاری 2017، کاتژمێر 12:30 خولەک بە کاتی بەریتانیا لەلایەن باڵیۆزی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپاوە بگاتە دەستی دۆناڵد تەسک سەرۆکی یەکێتییەکە.

هاوکات ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، مەی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا بەفەرمی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی ڕادەگەیەنێت.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا داواشیان لێدەکات کە ئەمە ئەو ساتەیە کە دەبێت هەموویان پێکەوە کاربکەن بۆ وڵاتەکەیان.

مەی دەشڵێت "بەڵێن دەدەم کە نوێنەری هەموو تاکێکی بەریتانیا بم" لەمیانی گفتوگۆکانی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا تەنانەت ئەوانەش کە ناسنامەی وڵاتێکی دیکەی ئەوروپییان هەیە و چارەنووسیان دواتر یەکلایی دەبێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هەزاران کەس لە بەریتانیا خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا دژی جیابوونەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا و داوایان کرد بمێنێتەوە.

ئەمەش دوای نۆ مانگ لە ڕیفراندۆمەکەی بەریتانیا دێت کە تیایدا لە 51.9%ی بەریتانییەکان دەنگیان بە دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا دا و لە بەرامبەریشدا  دەنگی نەخێر لە 48.1% بوو.

دوای ریفراندۆمەکەش کە ڕۆژی 23ی حوزەیرانی 2017 ئەنجامدرا، یەکێتی ئەوروپا داوای لە بەریتانیا کرد کە بەزووترین کات یەکێتییەکە بەجێبهێڵێت، هەروەها هەر 27 وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا چاوەڕوانی بەریتانیا دەکەن ماددەی 50ی رێکەوتننامەی لیشبۆن بەکاربهێنێت بۆ دەستکردن بە پرۆسەکە.

بەڵام  تێرێزا مەی رایگەیاند، بەریتانیا دەیەوێت بەشێوازێکی "هێور" چوونەدەرەوەکە ئەنجام بدات و حکومەتی بەریتانیا "نایەوێت دەستەکەی ئاشکرا بکات" لەژیر فشاری ئەوەی ئایا چی دەوێت لەم دانوستانانە.

پێشتر مەی ئاماژەی بەوەدابوو کە پێناچێت پێش کۆتایی ئەمساڵ ماددەکە بەکاربهێندرێت لەبەرئەوەی هێشتا بەریتانیا سەرقاڵی ئامادەکاریە ناوخۆییەکانە بۆ دەستکردن بە دانوستانەکان.

مەسەلەی کۆچ و هاتووچۆی ئازادی هاوڵاتیانی ئەوروپی و مانەوە لە بازاڕی ئازادی یەکێتی ئەوروپادا جێگەی زۆرترین کێشمەکێش دەبێت لە دانوستانەکاندا. مەی، پێشتر لە لوتکەی جی بیستدا ئاماژەی بەوەدا، ئەوە ئاشکرایە کە هاوڵاتیانی بەریتانی بڕێك کۆنتڕۆڵیان دەوێت بەسەر سنوری بەریتانیا و کۆچکردندا، بەڵام ئەوەی رەتکردەوە شێوازی کۆچی ئوستورالی شیوازێکی گونجاو بێت بۆ بەریتانیا.

هەروەها ئایا بەریتانیا چ جۆرە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی لەگەڵ یەکێتییەکە ئەنجام دەدات، ئەگەر بیەوێت بەشێك بێت لە بازاڕی ئازادی یەکێتیەکە، ئەوا ئازادی هاتووچۆی هاوڵاتیان دەبێت بەشێك بێت لە رێکەوتنەکە و ئەمەش مانای ئەوەی بەریتانیا ناتوانێت رێگە لە هاتنەناوەوە و کارکردنی هاوڵاتیانی ئەوروپی بگرێت و بە پێچەوانەشەوە. ئەمەش ئەوە نیە کە هاوڵاتیانی بەریتانیا دەنگیان بۆدا لە ریفراندۆمی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە 23ی حوزەیراندا.

ماددەی 50

ماددەی 50 یان ماددەی 50ی ڕێککەوتننامەی لیشبۆن پلانێکە بۆ هەر وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا کە خوازیارە لە یەکێتی ئەوروپا بچێتە دەرەوە. ڕێککەوتنەکەش لەلایەن سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ئیمزاکراوە و لە ساڵی 2009وە بووەتە یاسا. هاوکات پێش ئەو ڕێککەوتننامەیە هیچ میکانیزمێک لە ئارادا نەبووە بۆ وڵاتێک کە بیەوێت بچێتە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا.

ماددەکە لە پێنج پەراگراف پێکدێت و باس لەوە دەکات کە هەر وڵاتێک بیەوێت لە یەکێتی ئەوروپا دەربچێت، دەبێت بە یەکێتییەکە ڕابگەیەنێت و هاوکات هەر لەگەڵ یەکێتییەکەشدا گفتوگۆی پرۆسەی دەرچوونەکە بکات. بەپێی ماددەکە، دەبێت ئەو وڵاتەی کە دەیەوێت دەربچێت دەنگی لە 71%ی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا بەدەستبهێنێت لەگەڵ پشتگیری پەرلەمانتارانی یەکێتییەکەدا.


AM:09:55:29/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 3149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت