كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی‌ په‌یامێك ئاراسته‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ
جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌بۆنه‌ی بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركوك په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌درێژایی مێژوو و سه‌رجه‌م شۆڕشه‌كان، گه‌لی‌ كورد و قاره‌مانانی‌ له‌پێناو شه‌كانه‌وه‌ی‌ ئاڵای پیرۆزی كوردستان جه‌نگاون، گیان و خوێنی‌ ئاڵی‌ خۆیان به‌خشیوه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌ڵێت: "بڕیاری‌ به‌فه‌رمی‌ هه‌ڵكردنی‌ ئاڵای كوردستان هاوشانی‌ ئاڵای‌ عیراق له‌سه‌ر داموده‌زگاكانی‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌وه‌ مایه‌ی‌ خۆشحاڵیه‌و و له‌م رۆژه‌دا گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاڕاسته‌ ده‌كه‌م و جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موومان پارێزه‌ری‌ ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیان بین له‌ ناوچه‌كه‌".

ده‌شڵێت: "به‌درێژایی مێژوو و سه‌رجه‌م شۆڕشه‌كان، گه‌لی‌ كورد و قاره‌مانانی‌ له‌پێناو شه‌كانه‌وه‌ی‌ ئاڵای پیرۆزی كوردستان جه‌نگاون، گیان و خوێنی‌ ئاڵی‌ خۆیان به‌خشیوه‌ له‌پێناو هه‌ڵكردنی‌ ئاڵای پیرۆزی كوردستان له‌سه‌ر هه‌ربسته‌ خاكێكی‌ وڵاته‌كه‌مان به‌تایبه‌ت شاری‌ كه‌ركوكی‌ قودس و سه‌ری‌ كوردستان".

راشیده‌گه‌یه‌نێت: "هه‌روه‌ك خه‌بات و قوربانیدانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌ جه‌نگی‌ پاراستنی‌ كه‌ركوك و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆرستان و دوورخستنه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر دانیشتوانه‌كه‌ی‌ و دابینكردنی‌ ژیانێكی‌ ئارام بۆ گشت پێكهاته‌ جیاجیاكانی‌ ئه‌و شاره‌ خۆڕاگره‌، ده‌رخه‌ری‌ ئه‌و راستییه‌ن كه‌ كه‌ركووك كوردستانییه‌و پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پارێزه‌ری‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانن به‌بێ جیاوازی‌".

جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی روونیشیده‌كاته‌وه‌: "بۆیه‌ ئه‌مڕۆ كه‌ له‌ كه‌شێكی‌ ته‌واو دیموكراسیدا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌و شاره‌ قاره‌مانه‌ن ده‌نگ ده‌درێ به‌ هه‌ڵكردنی‌ ئاڵای كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌سه‌ر گشت دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان و ناحكومیه‌كان، پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موومان به‌ شانازییه‌وه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ هه‌ڵبكه‌ین و له‌سایه‌یدا سه‌رجه‌م پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان به‌ ئاشته‌وایی بژین و ئازادی‌ و دیموكراسی بۆ هه‌مووان به‌رقه‌رار بێ".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ سێشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بڕیاریدا ئاڵای كوردستان هاوشانی ئاڵای عیراق له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له‌ شاره‌كه‌دا هه‌ڵبكرێت و كوتله‌ی عه‌ره‌ب و به‌ره‌ی توركمانیش بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌یان كرد.

هه‌روه‌ها نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك رایگه‌یاند "هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك دژی هیچ پێكهاته‌یه‌كی تر نییه‌".

له‌ كاردانه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌شدا، وته‌بێژی حكومه‌تی عیراق رایگه‌یاند: بڕیاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك، به‌بێ به‌شداری لیستی عه‌ره‌بی و توركمانی كه‌ركوك پێشێلكردنی ئاشكرای ده‌ستووره‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆش پێكهاته‌ی توركمان له‌ كه‌ركوك گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان له‌ شاره‌كه‌ ئه‌نجامداو دژی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك وه‌ستانه‌وه‌.


PM:01:20:29/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 3677 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت