نێچیرڤان بارزانی: هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان، پێكه‌وه‌ژیان له‌ كه‌ركوك به‌هێزتر ده‌كات


وێستگه‌نیوز -

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان، پاراستنی پێكه‌وه‌ژیان و هاوبه‌شیكردنی هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگای كه‌ركووكدا به‌هێزتر ده‌كات.

ئه‌مشه‌و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌بۆنه‌ی بڕیاردانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ پارێزگای كه‌ركوك په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی‌ پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا و پێكهاته‌كانی‌ شاره‌كه‌ كرد.

نێچیرڤان بارزانی‌ وێڕای‌ پیرۆزبایی، نووسیویه‌تی‌: " به‌ هه‌ڵواسراوی هێشتنه‌وه‌ی كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق به‌ درێژاییی 14 ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ باڵاده‌سته‌كانی حكوومه‌تی عیراقه‌وه‌، كه‌ بۆ مه‌رامی سیاسی و دروستنه‌بوونی سه‌قامگیری و بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كێشه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوی بمێنێته‌وه‌".

ئه‌مه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

به‌ڕێزان: پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و هه‌موو پێكهاته‌كانی پارێزگای كه‌ركووك،

به‌بۆنه‌ی په‌سه‌ندكردنی بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ له‌ ده‌زگا حكوومییه‌كانی پارێزگای كه‌ركووك له‌گه‌ڵ ئاڵای عیراقی فیدرالیدا، پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م و له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌وه‌ گیانی پاراستنی پێكه‌وه‌ژیان و فراوانكردنی هاوبه‌شیكردنی زیاتری هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگای كه‌ركووكدا به‌هێزتر ده‌كات.

به‌ هه‌ڵواسراوی هێشتنه‌وه‌ی كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق به‌ درێژاییی 14 ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ باڵاده‌سته‌كانی حكوومه‌تی عیراقه‌وه‌، كه‌ بۆ مه‌رامی سیاسی و دروستنه‌بوونی سه‌قامگیری و بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كێشه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوی بمێنێته‌وه‌، هه‌میشه‌ به‌ زاناییی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان، سه‌قامگیرییه‌كه‌ی پارێزراوه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ هۆی ئاڵۆزی له‌نێوان پێكهاته‌كانی پارێزگای كه‌ركووكدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پاڵی پێوه‌ نه‌نرێت.

هه‌روه‌ها سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان له‌ سه‌رده‌می ئۆپۆزیسیۆن و له‌ ڕۆژه‌كانی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عیراقیشدا، به‌ شایه‌تیی هه‌موو لایه‌ك به‌ ئه‌ندازه‌ی كورد، به‌رگرییان له‌ مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌ی كه‌ركووك كردووه‌.

له‌ هه‌مان كاتدا له‌دوای ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌، هه‌میشه‌ كه‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك له‌به‌رده‌م هێزه‌ تیرۆریستییه‌كاندا ته‌نیا جێهڵدراوه‌، پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كوردستان كه‌ركووكیان پاراستووه‌، كه‌ دواترینیان له‌ كاتی هێرشی داعشدا بوو له‌ ساڵی 2014.

شكست و پاشه‌كشه‌ی سوپای عیراق له‌ كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری زۆر خێراتر بوو له‌ پاشه‌كشه‌ و شكسته‌كه‌ی له‌ مووسڵ، به‌ڵام به‌ هۆی به‌هاناوه‌چوونی ده‌موده‌ستی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگریی هێزه‌كانی ئاسایش، خه‌ڵكی كه‌ركووك له‌ هێرشی داعش پارێزران و ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی ناوه‌ڕاستی عیراق و ده‌زگاكانی حكوومه‌ت له‌و پارێزگایه‌دا،  به‌بێ جیاوازی له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ژێر ئاڵای كوردستاندا پارێزران.

له‌ناو ده‌وروبه‌رێكی پڕ له‌ ململانێی له‌و شێوه‌یه‌دا له‌ عیراق، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركووك، نموونه‌یه‌كی باڵای پێكه‌وه‌ژیان و دوورگرتنی ناوچه‌كه‌یان له‌ ململانێ و شه‌ڕی تایفی، نیشان داوه‌.

له‌و باوه‌ڕه‌داین دوای ئه‌و بڕیاره‌ فه‌رمی و ڕه‌وایه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، هه‌نگاوه‌كانی فراوانتربوونی هاوبه‌شیكردنی هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی كه‌ركووكدا به‌هێزتر ده‌بن و دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هه‌موو لایه‌ك كه‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ و هاوشان و یه‌كسان، بنه‌مایه‌كی قووڵه‌ له‌ باوه‌ڕی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستاندا.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
29/3/2017



PM:11:14:29/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 10164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو