مەلا بەختیار: لەگەڵ ئەوەین پێش سەربەخۆیی مادەی 140 جێبەجێ بکرێت


وێستگه‌ نیوزـ

بەرپرسی دەستەی‌ کارگێری‌ مەکتەبی سیاسی یەکێتی‌ نیشتمانی كوردستان چاوپێكه‌وتنێكی لەگەڵ هەردوو كەناڵی تەلەفزیۆنی هەنگاریا (ATV chanal) و (HIR chanal) و رۆژنامەی (Magyar idok)ی چاپی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجامدا و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ كه‌ ئەوان پێیان باشە بەر لە ریفراندۆم ‌و سەربەخۆیی كوردستان  مادەی 140 جێبەجێ بكرێت، وتوشیەتی: "ئێمە لە پێرارەوە بە پەكەكە دەڵێین ئێوە حەقە دوای داعش شنگال بەجێبهێڵن".

یەکێتی‌ لە چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا كه‌ رۆژی 22 ی ئازاری 2017 ئه‌نجامدراوه‌ و سایتی چاودێر نیوز ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بڵاویکردووەتەوە، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی‌ کارگێری‌ مەکتەبی سیاسی ڕایگەیاندووە، "ریفراندۆم ‌و سەربەخۆیی كوردستان لای یەكێتی ستراتیژەو حزبەكانی دیكەش لەگەڵیدان، بەڵام ئێمە پێمان باشە، بەر لەمە مادەی 140 جێبەجێ بكرێت، چونكە لەكاتی راگەیاندنی سەربەخۆییدا، ناوچە جێ ناكۆكەكان، كێشەی گەورەمان بۆ دروست دەكەن".

 مەلا بەختیار ئاماژەی‌ بەوەشکردووە "بەدرێژایی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق، لە 1921 ەوە تا ئێستا كە دەكاتە 96 ساڵ، بەغدا ئەوەندە نەرم نەبووە لە سەر مەسەلەی سەربەخۆیی، بەڵام هێشتا سەربەخۆیی نەسەلماندووە".

سەبارەت سەبارەت بە پرسی شنگال بوونی‌ هێزەکانی‌ پەکەکە لەو ناوچەیە و هەڵوێستیان لەسەر سەربەخۆی‌ کوردستان مەلابەختیار  ڕایگەیاندووە "بەش بەحاڵی خۆم واینابینم پەكەكە دژ بە سەربەخۆیی كوردستان بێت، تا ئێستاش خوێندنەوەم وایە، كە واشدەڵێم لە پێرارەوە بە پەكەكە دەڵێین ئێوە حەقە دوای داعش شنگال بەجێبهێڵن".

وتوشیەتی‌: " بۆچوونی ئێمە وایە كە پەكەكە بە رێكەوتنێكی سیاسی شەرافەتمەندانە، لەگەڵ حكومەت  هەرێمی كوردستان، لەگەڵ پارتی‌ و یەكێتی ‌و لەگەڵ حزبەكانی تریش دابنیشین ‌و ئەم كێشەیە بە سیاسی ‌و بە ئیداری چارەسەر بكەین، نەك بە پێداگریكردن لەسەر ئەوەی كانتۆن دروست بكەن لە شنگال، لە راستیدا كانتۆن دروستكردن لە شنگال هیچ لایەنێك بۆی نییە ئەوە بكات،  ئێمەش وەك یەكێتی بۆمان نییە، لەكاتێكدا ئێمە هەزاران هەزار پێشمەرگەمان لەو ناوچانە هەیە".


PM:06:22:30/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 3935 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت