سروه‌ عه‌بدولواحید: واژوو بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیری گه‌یاندنی عیراق كۆكراوه‌ته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق 2017 ئاشکرایکرد، واژوی زیاترلە 25 پەرلەمانتاری کۆکردووەتەوە، بە مەبەستی لێپرسینەوە لە حەسەن راشد وەزیری گەیاندنی عیراق لەسەر دۆسیەی کێبڵی فایبەر ئۆپتیک.

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی، سروە عەبدولواحید، خانمه‌ په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگەیاند: "هەموو رێوشوێنە یاساییەکان تەواو بووە بۆ لێپرسرینەوەکە و داواکەش پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی کراوە بۆ ئەوەی رەوانەی راوێژکاری یاسایی بکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد "فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق چەند دۆسییەکی گەندەڵی دەستکەوتووە کە پەیوەندیی هەیە بە گرێبەستەکانی کێبڵی فایبەر ئۆپتیک".

هێلەکانی پەیوەندی تایبەت بە زەوی لە عیراقدا روبەڕوی خراپبوون و کۆنی بوونەتەوە، ئەوەش وایکردووە کە هاوڵاتیان دوورکەونەوە لە بەکارهێنانی، بە تایبەت دوای ساڵی 2003 و بڵاوبوونەوەی تۆڕەکانی مۆبایل  کە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆی جیهاندا گونجاوە، گەر بەراورد بکرێت بە تۆڕەکانی تەلەفۆنی زەوی.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2011دا وەزارەتی گەیاندنی عیراق رایگەیاند، عیراق دەبێتە خاوەنی خزمەتگوزاریی پێشکەوتوو لە هێڵی پەیوەندی نوێ، وەک ئینتەرنێت و ڤیدیۆ و پەیوەندی خێرا، ئەویش لەڕیگەی پشتبەستن بە هێڵی فایبەر ئۆپتیک بۆ پێشخستنی خزمەتگوزارییەکانی تەلەفۆن.


PM:07:29:30/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 4150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت