پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا دەست پێدەكات


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی خوازیارانی خوێندنی باڵا ماستەرو دکتۆرا ئاگادار دەکاتەوە، پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا ماستەرو دکتۆرا، لە زانکۆ حکومیەکان بۆ سیمستەری هاوینە بۆ ساڵی خوێندنی 2016-2017 سبەی دەست پێدەكات.


عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگەیاند: "سیمستەری هاوینەی ماستەر و دكتۆرا بەهەمان رێنمایی ژمارە (4) بۆ ماستەر بۆ ساڵی خوێندنی 2016-2017 و رێنمایی ژمارە (5) بۆ دکتۆرا بۆ ساڵی خوێندنی 2016-2017 سیمستەری زستانە خوزاریارانی خوێندنی باڵا دەتوانن داوا پێشکەش بە زانکۆکان بکەن".

وتیشی: "ئەو کاندیدانەی کە لە سیمستەری زستانە ناویان دەرچوەو ئێستا مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزیان بەدەستهێناوە دەتوانن لەگەڵ دەرچووانی سیمستەری هاوینە دەست بە پڕۆسەی خوێندنی ئەکادیمی خۆیان بکەن".

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاشكرای كرد: "وەزارەتەکەمان ئەوە رادەگەێنێت کە ئامادەکاری تەواو و پێویست بەهەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکان کراوە بۆ پێشوازیکردن لە خوازیاران و بەسەرکەوتوی بەڕێوەچونی ئەو پرۆسە زانستی و ئەکادیمیە، بۆیە داوا لە خوازیاران دەکەین ماوەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا لە سەرجەم زانکۆکان:  رۆژی دووشەممه رێكەوتی(24/4/2017 تا رێكەوتی 4/5/2017) بەردەوام دەبێت".

روونیكردەوە: "ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی ماستەر لە سەرجەم زانکۆکان: لە  سەعات 10 بەیانی، رێكەوتی 14/5/2017 دەبێت و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی دكتۆرا لە سەرجەم زانکۆکان:  لە  سەعات 10 بەیانی، رێكەوتی 15/5/2017 دەبێت".


PM:02:35:23/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 9425 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت