مانگی‌ ئاب كۆمسیۆنی‌ نوێی‌ هه‌ڵبژاردن هه‌ڵده‌بژێردرێت


وێستگه‌ نیوز ـ پشتیوان جه‌مال
په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، مانگی‌ ئابی‌ داهاتوو ده‌سته‌یه‌كی‌ نوێ بۆ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ عیراق هه‌ڵده‌بژێردرێت.


زانا رۆستایی‌، په‌رله‌مانتاری‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌ لێدوانێكدا بۆ وێستگه‌ نیوز رایگه‌یاند، داواكاری‌ ره‌وتی‌ سه‌در كه‌ پێشكه‌شی‌ بارزانییان كردبوو بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ كۆمسیۆنێكی‌ نوێ پێویست نه‌بوو، چونكه‌ ئێستا  به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ لیژنه‌یان پێكهێناوه‌ و خه‌ریكی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كۆمسیۆنی‌ نوێن.

رۆستایی‌ وتی‌: "تا ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئاب كۆمسیۆنی‌ نوێ ده‌ستنیشان ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناوه‌كانیان بدرێنه‌ په‌رله‌مان و په‌سه‌ند بكرێن، رۆژی‌ 20ی‌ ئه‌یلولیش كاره‌كانیان كۆمسیۆنی‌ ئێستا ته‌واو ده‌بێت".

ده‌سته‌ی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵا له‌ نۆ كه‌س پێكهاتوون دوو كورد، دوو سوننه‌، سێ شیعه‌، یه‌ك توركمان و یه‌ك مه‌سیحی‌، سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆنیش كورد، رۆستایی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، كه‌ سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆنیش هه‌ر بۆ كورد ده‌بێت، چونكه‌ پشكی‌ كورده‌.

دوێنێ شاندێكی‌ باڵای‌ ره‌وتی‌ سه‌در به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌حمه‌د سه‌در برازای‌ موقته‌دا سه‌در سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی‌، دوو پڕۆژه‌یان پێشكه‌شكرد یه‌كێكیان هه‌ڵبژاردنی‌ كۆمسیۆنێكی‌ نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن، دووه‌میش عیراقی‌ دوای‌ داعش.

بڕیار وایه‌ ساڵی‌ داهاتوو خولێكی‌ نوێی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق به‌ڕێوه‌ بچێت.


PM:03:59:23/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 2909 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت