بەڕێوەبەری تۆڕێکی تەلەفزیۆنی ئێرانی لە تورکیا کوژرا

‌عەلی سەعید کەریمیان بەڕێوەبەری تۆڕی تەلەفزیۆنی ئێران

وێستگە نیوز -
ئاژانسی هەواڵی دۆغانی تورکیا ئەمڕۆ یەک شەممە ڕایگەیاند، عەلی سەعید کەریمیان بەڕێوەبەری تۆڕی تەلەفزیۆنی ئێران لە شاری ئیستانبوڵ لەگەڵ یەکێک لە هاوکارەکانی تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

ئاژانسەکە بڵاویکردەوە، کەریمیان و هاوڕێکەی ئێوارەی دوێنی ٢٩ی نیسان، بە ئوتۆمبێلەکەیانەوە بە گەڕەکی مەسلەکی ئیستانبوڵدا تێپەڕیون و لەناکاو ئوتۆمبێلێکی جێب لە تەنیشتیانەوە وەستاوە و لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستڕێژیان لێکراوە.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەکە تیمی تەندروستی فریاکەوتن دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و کەریمیان گیانی لەدەستداوە و هاوڕێکەشی بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە دواتر ئەو ئوتۆمبێلەی کە هێرشەکەی پێ ئەنجامدراوە بە سوتێنراوی دۆزراوەتەوە و پۆلیسیش رەتیدەکاتەوە هیچ شتێک دەربارەی ڕوداوەکە ڕابگەیەنێت.

لەلایەکی ترەوە ئاژانسی دۆغان لە زاری سەرۆکی شارەوانی ئیستانبولەوە بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان پێدەچێت هێرشەکە بەهۆی ناکۆکی داراییەوە بوبێت کە پەیوەندی بە کەریمیانەوە هەبووە.

عەلی سەعید کەریمیان بەڕێوەبەری تۆڕی تەلەفزیۆنی "جیم تی ڤی"ی ئاسمانییە و فیلمی بیانی و بەرنامەی تەلەفزیۆنی ڕۆژئاوایی و وەرگێڕدراوی فارسی بۆ ئێرانییەکان پەخشدەکات، هەروەها فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنیش بەرهەمدەهێنێت.

تۆڕی تەلەفزیۆنی "جیم تی ڤی" لە ساڵی ٢٠٠٦ کراوەتەوە و لە ١٧ کەناڵی جیاجیا پێکهاتووە و بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئازەری بەرنامەکانی پەخش دەکات.

ئەوە لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو دادگای شۆڕشی ئێران سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ کەریمیان بێ ئامادەبوونی خۆی بۆ دەرکردووە، بە تاوانی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لەدژی دەوڵەت.



PM:05:34:30/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 6172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو