بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە


وێستگه‌ نیوزـ

بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا رایدەگەیێنێ، بەشداریکردنی هەموو چین و توێژ و لایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە پرسەی نەوشیروان مستەفادا، سەلماندی کە ئەو سەرکردە نیشتمانییە هی هەمووان بوو.

وێڕای سوپاسکردنی خەڵک و سەرجەم کەسایەتی و لایەنەکان، بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: " کاک نەوشیروان هەموو ژیانی بۆ خزمەتی کورد و کوردستان ‌و چەسپاندنی بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی‌ تەرخان کردبوو. بەشداریکردنی ئێوە لە پرسەکەی سەلماندی کە ئەو سەرکردە نیشتمانییە هی هەمووان بوو".

رۆژی 19/5/2017 نەوشیروان مستەفا ئەمین، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد. رۆژێک دواتر لەسەر وەسیەتی خۆی، هەر لە (گردی زەرگەتە) كە بزووتنەوەی گۆڕانی لەسەر دروستكرد، بەخاكسپێردرا. 

دەقی پەیامەکە:

بەیاننامەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە

بەناوی بزوتنەوەی گۆڕان‌و کەسوکارو هاوڕێیانی کاک نەوشیروانەوە پڕ بە دڵ سوپاسی هاونیشتمانیانی  کوردستان‌ لە هەر گوندو شارو شارۆچکەیەکی کوردستان‌و، کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان‌و، رەوەندی کوردی لە تاراوگەو، تێکڕای چین‌و توێژەکانی کوردستان‌و، هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان‌و عیراق‌و، کەسوکاری شەهیدان ‌و زانایانی ئایینی‌و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی‌و، کونسوڵگەری‌و سەفارەت‌و نوێنەری وڵاتانی جیهان‌و، کەسایەتی‌و، نوسەرو، هونەرمەندو، پەرلەمانتارو نوێنەری رێکخراوە جیهانییەکان دەکەین، کە بەشداریان لە مەراسیمی بەخاکسپاردن‌و پرسەی کاک نەوشیروان کرد چ بە ئامادەبونیان یان بە نامە یان بە تەلەفۆن پەیامی هاوخەمی خۆیان بۆ ناردوین، یاخود لە ماڵ‌و شوێنی کارەکانیانەوە ماتەمیان گێڕا. هەروەها سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش‌و پۆلیس‌ و دژە تیرۆر دەکەین کە پاراستنی ئەمنییەت‌و سەلامەتی بەڕێوەچونی ئەم پرسەیان گرتبوە ئەستۆ. پێزانین‌و سوپاسی خۆمان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن‌و کارمەندەکانیان دەردەبڕین لە روماڵکردنی پرسەکەمان.

کاک نەوشیروان هەمو ژیانی بۆ خزمەتی کوردو کوردستان‌و چەسپاندنی بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی‌ تەرخان کردبو. بەشداریکردنی ئێوە لە پرسەکەی سەلماندی کە ئەو سەرکردە نیشتیمانییە هی هەموان بوو.


PM:09:21:26/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 5301 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو