ئه‌بوریشه‌ ستایشی عه‌بادی ده‌كات

‌ئه‌حمه‌د ئه‌بو ریشه‌، سه‌رۆكی كۆنگره‌ی سه‌حوه‌ی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی كۆنگره‌ی سه‌حوه‌ی عیراق ته‌قاندنه‌وه‌ی مناره‌ی حه‌باد له‌ شاری موسڵ به‌ راگه‌یاندنی شكست له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت: "له‌ژێر سه‌ركردایه‌یی حه‌یده‌ر عه‌بادی، دوژمنانی عیراق له‌ یه‌ك بست خاكی وڵاتدا نامێنن."

له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی سۆمه‌ریه‌ نیوز، ئه‌حمه‌د ئه‌بو ریشه‌، سه‌رۆكی كۆنگره‌ی سه‌حوه‌ی عیراق كه‌ هێزێكی چه‌كداری سوننه‌یه‌، رایگه‌یاند: له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان سه‌روماڵی گشتی و تایبه‌تی عیراقییه‌كان خاپور ده‌كه‌ن و ده‌یته‌قیننه‌وه‌، دوا كاریشیان ته‌قاندنه‌وه‌ی مناره‌ی حه‌دبا بوو له‌ موسڵ كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ مێژووی ئه‌و شاره‌وه‌.

ئه‌بوریشه‌ وتیشی: "ته‌قاندنه‌وه‌ی مناره‌ی حه‌دبا واتای راگه‌یاندنی شكستی داعشه‌ له‌ موسڵ و به‌ڵگه‌ی كاره‌ وه‌حشیكه‌ره‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆرستیه‌یه‌ بۆ وێرانكردنی ژێرخانی عیراق له‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌كان و په‌رستگاکان."

به‌وته‌ی ئه‌بوریشه‌، ئارامگرتنی عیراقییه‌كان له‌پای ئازاری روخانی مناره‌ی حه‌دبا و رشتنی خوێنی هاوڵاتیان، سه‌ركه‌وتنه‌، چونكه‌ "دوژمنانی عیراق" چه‌ند بیانه‌وێت ده‌ست بۆ مێژوو و شارستانییه‌تی دۆڵی رافیده‌ین به‌رن، ناتوانن زه‌فه‌ر به‌ عیراقییه‌كان به‌رن.

سه‌رۆكی كۆنگره‌ی سه‌حوه‌ی عیراق راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌ قوربانی و به‌رگه‌گرتن و یه‌كڕیزی له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیران، دوژمنانی عیراق له‌ یه‌ك بست خاكی وڵاتدا نامێننه‌وه‌.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 22ی حوزه‌یرانی 2017، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عیراق رایگه‌یاند كه‌ راگه‌یاندنی رزگاركردنه‌وه‌ی ته‌واوی موسڵ له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش به‌منزیكانه‌ ده‌بێت.

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی حكومه‌ت و فەرماندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی هه‌فتانه‌ی خۆیدا رایگه‌یاند له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا رزگاركردنه‌وه‌ی ته‌واوی شاری موسڵ راده‌گه‌یه‌ندرێت.

وتیشی كه‌ حكومه‌ت به‌نیازه‌ ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی موسڵ نۆژه‌ن بكاته‌وه‌ و رایگه‌یاند: "كار ده‌كه‌ین بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی حه‌دبا و نه‌مرود و حه‌زه‌ر كه‌ داعش خاپوری كردوون

هاوكات نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ خاپوركردنی مزگه‌وتی نوری و مناره‌ی حدبای موسڵ نیشانه‌یه‌ بۆ كۆتایی داعش و بێ ئومێدبوونی ئه‌و رێكخراوه‌.

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، یان كۆبیچ نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ی حوزه‌یرانی 2017 ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی داعشی به‌ كارێكی دڕندانه‌ وه‌سفكرد كه‌ ده‌خرێته‌سه‌ر تاوانه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ كه‌ دژ به‌ شارستانیی ئیسلامی و مرۆڤایه‌تی له‌ عیراق كردویه‌تی.

یان كۆبیچ رایگه‌یاند كه‌ روخاندنی مزگه‌وتی نوری و مناره‌كه‌ی له‌ موسڵ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان ته‌نگیان به‌ چه‌كدارانی داعش له‌ موسڵی كۆن هه‌ڵچنیووه‌ و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ بێ ئومێد بووه‌ و به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 21ی حوزه‌یرانی 2017 ، چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌ داعش، مزگه‌وتی نوری و مناره‌ی مێژووی حه‌دبایان له‌ موسڵ ته‌قانده‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له‌ لایه‌ن سوپای عیراقه‌وه‌ گه‌مارۆ درابوو.

له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌ داعش، مزگه‌وتی نوری و مناره‌ی حه‌دبا، كه‌ به‌ كۆنترین و مێژوویی ترین مزگه‌وت و مناره‌ داده‌نرێت له‌ موسڵ ته‌قێندرایه‌وه‌.

میدیا عیراقییه‌كان له‌ زاری سوپای عیراقه‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ داعش ئه‌و مزگه‌وته‌ی له‌ ساڵی 2014 له‌ لایه‌ن ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی تیادا راگه‌یاند، ته‌قانده‌وه‌.

مزگه‌وتی نوری ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی كۆنی موسڵ له‌ به‌ری رۆژئاوای ئەو شارە و ماوه‌یه‌كی زۆربوو له‌ لایه‌ن سوپای عیراقه‌وه‌ گه‌رمارۆدرابوو، مزگەوتەکە تەمەنی نۆ سەدەیە و ئەبوبەكر بەغدادی لە حوزەیرانی 2014دا خەلافەتەكەی تیادا راگەیاند، كاتی خۆشی له‌ لایه‌ن عیماده‌دین زه‌نگییه‌وه‌ دروستكراوه‌.


PM:08:12:23/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 5898 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت