دژه‌ تیرۆری عیراق كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مزگه‌وتی نووری و گەڕەکی حەدبای راگه‌یاند

‌منارەی حەدبا لە ناو مزگەوتی نووری

وێستگه‌ نیوز ـ
دژه‌ تیرۆری عیراق كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مزگه‌وتی نووری و گه‌ڕه‌كی حه‌دبا و سەرجخانەی له‌ گەڕەکی موسڵی کۆن راگه‌یاند.


ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای موسڵ، مزگەوتی نوری و منارەی حەدبایان تەقاندەوە کە مێژووەکەی بۆ 800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.


لەبارەی تەقاندنەوەی منارەی حەدبا و مزگەوتی نوری، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر زاری عەبادییەوە رایگەیاند، داعش بە تەقاندنەوەی منارەی حەدبا و مزگەوتی نوری شکستی خۆی راگەیاند.


مزگەوتی گەورەی نوری لە شاری موسڵ یەکێکبوو لە مزگەوتە مێژوویەکانی عێراق، کە دەکەوێتە بەری ڕاستی شاری موسڵ، گەڕەکی دەوروبەری مزگەوتەکەش ناوی گەڕەکی مزگەوتی گەورەیە.


مزگەوتەکە لەسەردەمی نورەدین زەنگی لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا دروستکراوە و تەمەنی نزیکەی 9 سەدەبووە، بە دووەم مزگەوت دادەنرا کە لە شاری موسڵ لە دوای مزگەوتی ئەمەوی لە شارەکە بنیادنرابێت، تا ئیستا چەند جارێک نۆژەندکراوەتەوە و دواترینیان لە ساڵی 1944 بووە.


مزگەوتەکە جگە لەو ناوبانگە مێژوویەی بەهۆی لاری منارەکەیەوە (منارەی حەدبا) بە ئاراستەی ڕۆژهەڵات ناوبانگی زیاتری هەبووە، بەر لە تەقاندنەوەی تاکە بەشی بنەڕەتی مزگەوتەکە بوو کە وەک خۆی مابووەوە، وشەی منارەی حەدبا ئاماژەیەکیش بوو بۆ شاری موسڵ و بە یەکێک لە هەرە دیارترین شوێنەوارە مێژوویەکانی شارەکە دادەنرا.


بەهۆی پشتگوێخرانیەوە بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا منارەکە هەڕەشەی ڕوخانی لەسەر بووە، چەند جارێک وەزارەتی گەشتوگوزاری عيراق هەوڵی چاکردنەوەی دا، بەڵام هیچ کام لە هەوڵەکان وەک پێویست نەبوون.


بەهۆی خۆحەشاردانو ئەنجامدانی چالاکی لە لایەن داعشەوە مزگەوتەکە چەند جارێک ڕووبەڕووی بۆردومان بووەتەوە.


دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە لە مانگی حوزەیرانی 2014، لە مانگی تەموزی ئەو ساڵەدا ئەبوبەکر بەغدادی وتارێکی تیا پێشکەشکرد و خەلافەتەکە بە ناوی "خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عيراق وسوریا"ی تیا راگەیاند.


PM:12:04:29/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 4026 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت