بەوێنە.. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە یەکێک لە وێستگەکانی کارەبای کەرکوک ئاگری تێپەربوو


وێستگە نیوز -
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەماوە ئەمڕۆ پێنج شەممە لە یەکێک لە یەکەکانی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای مەلا عەبدوڵای سەر بە شاری کەرکوک ئاگر  کەوتەوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی عەرەبی لە زاری عەلی سدیق بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەی یایچی سەر بە پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە کە کاریگەری کردووەتە سەر ڕۆنی تۆرباینەکان یەکێک لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای کەرکوک ئاگری تێبەربووە و سووتاوە.

عەلی سدیق ئاماژەی بەوەکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی بە هاوکاری تیمی کۆمپانیای نەوتی باکوور، کۆنترۆڵی ئاگرەکەیان کردووە و ئاگرەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بووە و هیچ پەیوەندی بە کاری تیرۆریستی و تیکدەرانەوە نییە، وەک هەندێک وا باسیان کردووە.

جەختیشیکردەوە، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی بە دواوە نەبووە.

لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەک لە ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کەرکوکەوە ڕایگەیاند، لەکار کەوتنی ئەو یەکە و کوژاندنەوەی یەکەکانی دیکەش لەبەر سەلامەتی وێستگەکە، کاریگەری کردووەتە سەر وزەی کارەبای بەرهەمهاتوو کە دەدرا بە هەندێک ناوچەی شاری کەرکوک.

سەرچاوەکەی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا تیمەکانی ئەندازیاری و سیانەی وێستگەی مەلا عەبدوڵا کاردەکەن بۆ خستنەوەکاری یەکەکانی تر لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، دواتریش کاردەکەن لەسەر چاککردنەوەی یەکە لەکار کەتووەکە.

وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای مەلا عەبدوڵا پێکهاتووە لە ١٢ یەکەی بەرهەمهێنان و توانای هەریەکەیان لە کاتژمێرێکدا ٢٠ مێگاواتە و بە هەموویان توانای بەرهەمێهێنانی ٢٤٠ مێگاواتیان هەیە لە کاتژمێرێکدا.

وێستگەکە لەلایەن کۆمپانیای (AEG) ئەڵمانییەوە دروستکراوە و لەلایەن کۆمپانیای جۆن براونی بەریتانییەوە دامەزرێنراوە.

وێستگەکە بە گازی سروشتی کاردەکات دەستپێکردنی دامەزراندنی وێستگەکە لە ساڵی ١٩٧٧ وە دەستپی پێکراوە و لە ساڵی ١٩٨٢ تەواو بووە.


PM:03:15:20/07/2017














ئه‌م بابه‌ته 2418 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت