با تەنها لەوەیاندا حكوومەت چاو لە یابان بكا!

‌شوان بەرزنجی


لە كاتێكدا  دامەزراندن  نیە و كێشەی  دارایی و دواكەوتنی  مووچە  هەیە بێكاری  گەیشتۆتە  رێژەیەكی ترسناك، حه‌قه‌ ، به‌جددی‌ بیر له‌ گرنگیپێدان به‌ پرۆژه‌ بچووكه‌كان بكەینەوە  و  پارەی  زیاتر  بدەبن بە قەرزی پرۆژە بچوكەكانی  لاوان.

سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچووكەكانی لاوان كە لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی  هەرێمی كوردستانە،  لە ملیۆنێك دینار تاوەكو 15 ملیۆن دینار بەو گەنجانە دەدات كە پرۆژەی جۆراوجۆری بچوك دادەمەزرێنن، لە تەموزی 2011  تاوەكو ئێستا 7 هەزار كەس بە پرۆژەی جیاجیای بچووك لەو قەرزە سوود مەندبوونە، بێگومان پرۆسەكە شتێكی باشە و جێگەی  دەستخۆشیە، بەڵام دەبێت ئەوە بپرسین چەندە ئەو پرۆژەیە بۆتە هۆی  چارەسەركردنی بێكاری؟

بێگومان ئەگەر لە ماوەی 5 ساڵدا 7 هەزار كەس هەلی كاریان بەهۆی ئەو پرۆژەیە دەست كەوتبێ، ئەوە تەنها لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە سەرووی 700 هەزار كەس لە كوردستان بێكاربوونە و رێژەی بێكار و هەژاریش لە هەڵكشانە و زۆرترین  دەرچووی زانكۆ بێكارن و لە ماڵەوە دانیشتوون.

بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە سندوقی قەرزی بچووك بكرێت و زۆر فراوانتر بكرێت و پارەی قەرزەكەش بە رێژەیەك زیاد بكرێت كە  زیاتر بێت لە 30 ملیۆن دینار و مەرجە رۆتینیەكانیشی هەڵبگیرێن كە  هۆكار بوونە بۆ كەمی ئاستی سودمەندبوانی پرۆژەكان.

 ئێستادا پڕۆژه‌ بچووكه‌كان بوونه‌ته‌ ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ جێبه‌جێكردنی‌ سیاسه‌ته‌ پیشه‌سازیه‌ ئامانجداره‌كان له‌ زۆرێك ده‌وڵه‌ته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی‌ جیهاندا، مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كیش له‌ زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ زیادكردنی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ بریتیه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ بێكاری‌ له‌و وڵاتانه‌دا كه‌ تاڕاده‌یه‌ك بێكاری‌ و هه‌ڵئاوسانی‌ ئابوری‌ و قه‌یرانی‌ دارایی‌ به‌رۆكیان ده‌گرێت، بۆیە دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان سود لەو وڵاتانە وەربگرێت كە بەهۆی پرۆژەی بچوك وڵاتیان پێشخست ، بۆ ئەوەش دەكرێت سود لە ئەزموونی  یابان وەربگیرێت ئەو وڵاتەی  لە ئەزمونی پرۆژەی بچووك سەركەوتوو ترینە  لە جیهاندا، هۆكارەكەشی هاندان بووە بۆ پەنابردن بۆ ئەو پرۆژانە و حكوومەتیش لێبوردنی باجی بۆ ئەو پرۆژانە زۆر بووە و بە راستەوخۆ حكوومەت پاڵپشتی لەو پرۆژانە كردووە و لە ئیفلاس بوون پاراستوونی. لە هەمووی سەرنج راكێشتر ئەوەیە یابان لە سەر بنەمای پرۆژەی بچووك پیشەسازی خۆی گەشە پێداوە و 70 دەستی كاریشی لەو پرۆژە بچوكەكان وەگەڕخستووە.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە بە یاسا بە راهێنان بە پاڵپشتی بە بازاركردن بە پێدانی هاوكاری  دەسەڵاتی یابانی پرۆژەی بچووكی درێژە پێداوە و پێشی خستووە.

ئه‌مڕۆ  كوردستان پێویستیه‌كی‌ زۆری‌ به ئەزموونی  یابان  هەیە بۆ ‌ گرنگیدان و گه‌شه‌پێدانی‌ پڕۆژه‌ی‌ بچووك و مامناوه‌ندییه‌كان ‌، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ ده‌ستی‌ كارو توانستی‌ مرۆیی‌ زۆر، بێكاریه‌كی‌ زۆریش بوونی‌ هه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان خاوه‌نی‌ پسپۆڕی‌ و توانست و له‌ هه‌ڵگرانی‌ بڕوانامه‌ی‌ زانكۆو په‌یمانگاكانن و ده‌كرێت به‌پێی‌ پلانێكی‌ تۆكمه‌ی‌ داڕێژراو له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌گه‌ڕ بخرێن و ده‌ستمایه‌ی‌ پێویستیان بۆ دابین بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر یه‌كێكیان به‌پێی‌ تایبه‌تمه‌ندێتی‌ و سه‌لیقه‌ی‌ خۆی‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ بچووك یاخود مامناوه‌ندی‌ ده‌ست پێبكه‌ن .

 به‌گشتی‌ حكومه‌ت دوو ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌  لە پرۆژەی  بچووك ده‌پێكێت، یه‌كه‌میان نه‌هێشتنی‌ دیارده‌ی‌ بێكارییه‌ له‌ناو توێژی‌ گه‌نجاندا، دووه‌میشیان دانانی‌ بناغه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌تایی‌ به‌هێزه‌ بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و بوژاندنه‌وه‌ی‌ ئابوری وده‌ستخستنی‌ سه‌رمایه‌ و قازانج به‌ توێژێكی‌ كاریگه‌ر و زیندووی‌ كۆمه‌ڵگا كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بێكاره‌.




PM:02:06:19/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 1393 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی