عیلـلەت پەڕێنە ‌

‌د.شێرکۆ عبداللە

+ دەی بزانم ئەیزانی؟
ـ فەرمووت توركمانەكانیش پێیان خۆشە؟!
+ بەڵێ‌ توركمانیش و كلدۆئاشوریش.
ـ ئەی رەقیبە؟
+ دەوەرە شەق مەبە.. من ئەڵێم توركمانیش و كلدۆئاشوریش و شەبەكیش حەزیان لێیەتی، ئەڵێ‌ ئەی رەقیبە؟
ـ بۆ گەرما باشە؟
+ ئەرێ‌ وەڵـڵا ئەگەر ئەوە بكەی گەرما تەئسیرت تێ‌ ناكا.
ـ مەلەیە؟
+ حەیوان مەلە كەی شتێكی نەتەوەییە؟ من ئەڵێم ئەركێكی نەتەوەییە.
ـ ساوەر كوڵاننە؟
+ ساوەر كوا نەتەوەییە نەگبەت. لە توركیاوە بۆمان دێ‌. من ئەڵێم نەتەوەییەو دراوسێكانیش حەز ئەكەن بیكەین، بەس روویان نایە بە ئاشكرا پێمان بڵێن.
ـ بایكۆتە؟
+ نەخێر بایكۆت نییە. بیر بكەرەوە بەقوربان ئەركێكی نەتەوەییەو ئیسرائیلیش پێی خۆشە.
ـ كەپرە شینكەیە؟
ـ بەخوا عەبقەرییت!.. مردووت مرێ‌ كەپر دروستكردن كەی ئیشێكی نەتەوەییە؟... تۆ جاران وانەبووی.. ئەڵێم شتێكە تەلەفزیۆنەكان موعەدەل باسی ئەكەن.
ـ كورد ئایدڵە؟
+ بەخوا ئەتەوێ‌ شێتم كەی.. رۆڵە گیان كورد ئایدڵ تەنیا مەجموعەیەك تەماشای ئەكەن. من ئەڵێم هەموو كورد خەوی پێوە ئەبینێ‌.
ـ كارەبای فوولە؟
+ زەهری مارە.. كالەبای فوول.. سەرسواڵكەر من ئەڵێم ئەوەمان هە بێ‌ هیچی ترمان ناوێ‌.
ـ دیموكراسییە؟
+ دیموكراسی یۆنانییە كوڕی باوكم.. من عەرزم كردی شتێكی تایبەتە بە كورد. هەزار نەخۆشی و عیلـلەتیش ئەپەڕێنێ‌.
ـ مایەسیرییش؟
+ بەڵێ‌ مایەسیرییش ئەپەڕێنێ‌.
ـ ئەزانم چییە.. ریفراندۆمە.


AM:11:06:20/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 1020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی