ڕیفراندۆم بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی سەردەکەوێ

‌ ئاسۆ حاجی


بارزانی و لەگەڵ ئەویش سەرکردەکانی بازنەی یەکەمی حزبە سیاسیەکانی کوردستان بەوانەشەوە کە دژایەتی ڕیفراندۆم دەکەن ئاگادارن پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و چ جۆرە پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتی هەیە،ئەوان دەزانن ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی خواستێکی نێودەولەتیە و بە دروست بوونی دەوڵەتی کوردستان ناوچەکە سەقامگیرتر و ئارامتر دەبێت، تەواو پێچەوانەی ئەو هەڵمەتە میدیایەی ئێران بە هاوکاری هەندێک حزبی باشووری کوردستان و دەزگا میدیایەکانیان بانگەشەی بۆ دەکەن بە ئامانجی ترساندنی خەڵک بۆ ئەوەی واز لە ئامانجی سەد ساڵەی خۆیان بێنن و ئەو جارەیان بە ئیرادەی خۆیان تەسلیم بە عێڕاق بکەنەوە.

 لە رۆژانی داهاتوودا هەندێک وڵات لەو بێدەنگیە دەربچن نیشانی بدەن تا چ ئەندازەیێک پاڵپشتی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکەن،بە شێوازی جیاواز و بە ئەنجامدانی چاڵاکی گرنگ و لە ناوەندە گرنگەکانی دونیا،ئەمەریکا ڕەنگە وێستگەی یەکەم بێت بەڵام لە ئەوروپا پاڵپشتیەکە زیاتر وەدیار دەکەوێت و ئەو چاڵاکیانە تەنها ڕووی ئاشکرای هەڵوێستەکانیانە کە بێگوومان چاڵاکیە نهێنیەکان و ڕووداوەکانی پشت پەردە زۆر لەوانە گەورەتر و زیاترن.

ئێران بزاڤکردنی بۆ ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان زۆر سنووردارە و ناتوانێ لەوەی ئێستا دەیکا زیاتر هەنگاو باوێت،کە لە گرتنی سنوورەکانی (کە زەحمەتە ئەوەش بکات) یان گرتنەوەی ئاوی ڕوبارێک و یان جولاندنی هێز بۆ سەر سنوورەکان و تۆببارانکردنی سنوورەکان یان لە باشترین حالەتدا لە ڕێگای حەشدی شەعبی لە هەندێک شوێن ئیستفزازی پێشمەرگە بکەن،کە هەموو ئەوانە چەندین ساڵە ئێران تەقسیری لێیان نەکردووە.

ئێران ئەگەر ئەو کارتانەی لەبەر دەست دابێت ئەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کارتی بەهێزتریان لە دژی ئێران لە دەست دایە و گەمارۆکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر ئێران یەکێکە لەو کارتانە کە ئێستا ئیدارەی تڕامپ و هاوپەیمانەکانی کار لە سەر هەڵوەشاندنەوەی یان هەموارکردنەوەی دەکەن کە ئەوەیان ئێران لەو گفتوگۆ نهێنیە بەردەوامانەی لەگەڵ ئەمەریکا هەیەتی دەربارەی کەیسی ئەتۆمی و گەمارۆکانی سەری وای لێدەکات زیاتر خەریکی ڕاستکردنەوەی باری خواری بێت.

ئەو پالپشتیە نێودەوڵەتیە و هاوکاری دۆستانی گەلی کوردستان کاریگەریان دەبێت لەسەر هێمن کردنەوەی دۆخی سیاسی کوردستان و نزیک بوونەوەی لایەنەکان لە یەکتری،کە ئێستا بەو ئاراستەیە لە جولەدایە و پێشبینی دەکرێ رۆژانی داهاتوو ئەنجامەکان وەدیار بخات،ئەوەش دەبێتە هەوڵێکی دیکەی کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە سەر ڕووداوەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان،مەگەر ئێران پیلان و پلانێکی دیکە لەو ڕێگایەوە بەڕێوە نەبات،وەک لە چەند سەرچاوەیەک باس دەکرێ ئێران مەرجی وازهێنانی لە دژایەتی ڕیفراندۆم بە بەشداری کردنی هەموو حزبەکانی هەرێمی کوردستانی بەستۆتەوە لە پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم،کە ئەوەیان پرسیار و ترسێکی دیکە دروست دەکات و سیانریۆیەکی دیکە دەهێنێتە ئاراوە کە بەشداریکردنی ئەو حزبانەی لە بەرەی دژە ڕیفراندۆمن بۆ هێنانە دی ئامانجەکەی ئێران بێت بە هاندانی ئەندامانیان بە دەنگدانیان بە نەخێر و شکستپێهێنانی پرسی سەربەخۆیی، بەتایبەتیش بە گۆڕین و تەزویرکردنی سندوقەکانی دەنگدان لەو دەڤەرانەی ئێران دەسەڵاتی بەسەر دا دەشکێن،زۆر کەس ئێران لەو کارەدا بە خاوەن تەجروبەیەکی سەرکەوتوو دادەنێن کە بەو میکانیزمە حزبێکی لە دواین هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق لە کەوتنێکی چاوەڕوان کراو هەستاندەوە.


PM:01:07:24/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی