لە نێوان (حەز) و (عیشق) دا

‌هێمن عەبدولقادر


لە راستیدا جیاوازیەکی گەورە هەیە لە نێوان (حەز و عیشق)دا ، حەز بابەتێکە مامەڵە لەگەڵ ڕووکاری دەرەوەی جەستەدا دەکات بەڵام عیشق سەرو کاری لەگەڵ (ماتەر) و (بایۆلۆجیا) و (هۆرمۆن) و (کیمیا)دا نیە ، حەز واتە (شەهەوەت) ، (ئیشتیها) ،( ئارەزوو)، بەڵام عیشق واتە (فڕین) ، (ئاگاهی) ، (بێ دەنگی) (سەما) (گۆرانی)
حەز شتێکی کاتیە ، تۆ هەمیشە ئەپرسی ئێمە بەعیشقەوە هاوسەرگیریمان کرد ! شەوان نامەمان بۆ یەکتری ئەنارد ؟ بەڵێنمان بەیەکتری دابوو یان ئەو چاو و لێو و دەمە بۆ یەکتری بێت یان بۆ گڵ ! تۆ لەخەیاڵی خۆتدا ئەمەت ناو نابووعیشق

بەڵام ئێستا سەرت سوڕماوە لەوەی کە هاوسەرەکەت وەک جاران نیە بەرامبەرت ؟
لە ڕاستیدا ئەمە عیشق نەبوو بەڵکو ئەمە حەز بوو ، حەزیش کە تێر بوو ئیتر ناتوانێت یەک هەناسەی تر بدات و بەشیوەی کاتی بێت یان بۆ هەمیشەیی دەمرێت ،

تۆ حەزت لە خواردنە شەو بەبرسێتی دەخەویت ، کەواتە هەتا بەیانی خەو بەخواردنەوە دەبینیت، حەزیش وایە تۆ فڵانە کەست کرد بەهاوسەرت لەبەر ئەوەی چاوی ڕەش بوو یان قژی زەرد بوو یان پێستی نەرم بوو یان باڵای بەرز بوو ، وەلێ کە هاتە بەردەستت و تێرت لێخوارد ئیتر ئەخەویت
هەر بۆیە ئۆشۆ ووتەنی :-

( چاو و برۆ، یان دەم و لێو، لەبیر دەچنەوە، ئیدی ئەو شتانە چونکە وەک هی خۆتیان لێ هاتووە، سەرنجت ڕاناکیشن تۆ بۆیە ئەوت خۆش دەویست، چونکە لای تۆ نەبوو، هەر کە ئەو بە بەردەوامی لای تۆبوو، ئیدی ئەو هۆکارە نامێنێت وای لێ کردبوویت، ئەوت خۆش بوێت. تۆ برسیت بوو، بۆیە بیرت لە خۆراک دەکردەوە، هەر کە تێر بوویت، ئیدی بیری لێ ناکەیەوە)

تۆ لەگەڵ هاوژینەکەتدا، تا زیاتر یەکدی بناسن، کەموکووڕییەکانی یەکترتان زیاتر بۆ ئاشکرا دەبێت، ئیدی ئەوسا وەک فریو درابن،وایە بۆیە بیر لە تۆڵە دەکەنەوە ، عیشقەکە ئەگۆرێ بۆ دۆزەخ
بەڵام عیشق وانیە عیشق کوێرە ، عیشق نابینایە خۆ لەسەرەتادا ووتم عیشق مامەڵە لەگەڵ کیمیا و بایلۆجیا ناکات ، عیشق لیو و چاو و باڵا و ڕەنگی قژ نابینێت ، عیشقی چاوی دائەخات و بەهێمنی گوێ هەڵدەخات و تێڕائەمێنێت
هەر بۆیە هیچ کەسێک بەقەد (نابینا) بە راست و دروستی هەنگاو نانێت ، چونکە ئەوان تا دڵنیا نەبن قاچ ناخەنە هیچ شوێنێکەوە ، تا دڵنیا نەبن هەنگا و بۆ هیچ شوێنێک هەڵناگرن ، عیشق دڵنیاییە

بەڵام (حەز) هیچ ڕەهەندێکی ئینسانی و ئاگامەندی تیا نیە تەنانەت ئاژەڵ و درەختەکانیش حەز لەیەک دەکەن، ئەو ووزەیەی کە لێیان زیادە دەیڕێژن ، بەڵام بە پێچەوانەوە عیشق بەردەوام ووزە وەردەگرێت، کاتێک کە تۆ دەبینیت گرفتت هەیە ، لەراستیدا هۆکارەکەی ئەوەیە تۆ حەزت کردووە نەک عیشق، بۆیە هەمیشە لە کێشەدایت.
نوقتە سەری دیڕ ...


PM:11:23:27/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 7672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی