ساڵانە 25 هەزار كەس له‌ ئەفغانستان چاویان لەدەست دەدەن


وێستگه‌ نیوزـ

بەهۆی شەڕی ناوخۆیی لە ئەفغانستان كە ساڵانێكی دوور و درێژە بەردەوامی هەیە، زیانی زۆری مادی بەسەرجەم كەرتەكانی ئەو وڵاتە گەیشتووە لەسەروویانەوە كەرتی تەندورستی بەجۆرێك ژمارەیەكی زۆری نەخۆشخانە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە كراونەتە ئامانج و ژمارەیەكی دیكەی نەخۆشخانە بەهۆی نەبوونی پێداویستی تەندروستی، دەرگاكانیان بەرووی نەخۆشەكاندا داخراون.

بەپێی ئاماری دەزگا پەیوەندیدارەكانی ئەفغانستان، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكان كە بەدرێژەی ئەو ساڵانەی كە لە ئەفغانستان بەردەوام بووە و سەرباری نەبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، سەدان هەزار كەس لە تەمەنە جیاوازەكان لەم ساڵانەی دواییدا چاوەكانیان لەدەست داون.

لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ شاهین حوسام، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ نابیانیان لە ئەفغانستان، وتی: "هەموو ساڵێک 25 هەزار كەس لە ئەفغانستان چاوەكانیان لەدەست دەدەن، لەئێستاشدا، سێ هەزار منداڵی نابینا لە حەوت قوتابخانەی حكومی لە شارەكانی، كابول، بلخ، هیرات، نانگارهار، غزنی دەخوێنن ئەمە وێرای ئەوەی حكوومەت پڕۆگرام و پەرتووکی تایبەتی خوێندنی بۆ نابینایان دابین نەكردووە".

هاوكات بنقاشە یەعقوبی، سەرۆكی دەستەی خزمەتگوزارییەكان و لێهاتنی توانای نابینایان لە ئەفغانستان رایگەیاند كە ژمارەی نابینایان لەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرچاوە لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبووەتەوە بەرێژەیەک گویشتووەتە سەرووی رێژەی نابینایان لە جیهان، وتیشی: "نیوەی رێژەی نابینایان لە ئەفغانستان ئافرەتن كە لەناو كۆمەڵگە و تەنانەت لەناو خێزانەكانیاندا مامەڵەی پلە دوویان لەگەڵدا دەكرێت".

به‌وته‌ی بنقاشه‌: "زۆرێك لە خێزانەكانی ئەفغانستان، دەرچوونی كەسە نابیناكانیان لە بەردەم ئەوانەی دیكەدا رەت دەكەنەوە و رێگەش نادەن ئەو کەسانە لە ماڵەوە بچنە دەرەوە بۆ ئەوەی لەلایەن كۆمەڵگەوە مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا نەكرێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردكە كچە نابیناكان تا كۆتایی ژیانیان هاوسەرگیر ئەنجام نادەن و ئەگەر هاوسەرگیریش بكەن ئەوە لەگەڵ كەسانی بەساڵاچوودا ژیانی هاسەری پێک دەهێنن.

سەرۆكی دەستەی خزمەتگوزارییەكان و لێهاتووی تواناكانی نابیانیان رەخنەی لە هەڵوێستی حكوومەتی ئەفغانستان گرت لەبەرامبەر نابینیان لەوەی تا ئێستا هیچ كارێكی ئەوتۆی بەرامبەر كەسانی نابینا ئەنجام نەداوە.

لە ئەفغانستان كە ژمارەی دانیشتوانەكەی 31 ملیۆن كەسە، ماوەی ساڵانێكی زۆرە شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و گروپە چەكدارەكان لەسەرویانەوە بزووتنەوەی تاڵیبان و رێكخراوی قاعیدە درێژه‌ی هەیە.


PM:11:44:21/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 3437 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو