رێكخراوێكی جیهانی: هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌زۆر كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعش ده‌خه‌نه‌ كامپه‌كانه‌وه‌

‌ئاوارەکانی موسڵ

وێستگه‌ نیوزـ

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ هێزە عێراقییەکان تۆمەتبار دەکات بە ئازاردانی خێزان و کەسوکاری چەکدارەکانی داعش لە عیراق.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، هێزە عێراقییەکان 170 خێزانیان لە ماڵەکانی خۆیان دەرکردووە و بە زۆرە ملێ لە کامپدا جێگیریان کردوون و ئەوەشیان وەک سزادانێک بە تۆمەتی ئەوەی کە خێزانی چەکدارانی داعشن ئەنجامداوە.

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوەکە رایگەیاند "نابێت هێزە عیراقییەکان تەواوی خێزانەکان بەهۆی کردەوەی خزم و کەسە نزیکەکانیانەوە سزا بدەن، چونکە ئەوە دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە و هەوڵەکان بۆ پێکەوە شادبوونەوەی خێزانەکان لەباردەبات".

رێکخراوەکە لە کەمپەکاندا چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەند خێزانێکدا کردووە و وتوویانە کە هێزە عیراقییەکان لە کەمپەکاندا بە زۆر و بەبێ ویستی خۆیان دەیانهێڵنەوە تەنیا بە تۆمەتی ئەوەی گوایە كه‌سوكاریان پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.

له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكارییانه‌ش یەحیا رەسوڵ وتەبێژی ژوری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عیراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی راگه‌یاند كه‌ زانیاریی وردیان نییە لەو بارەیەوە، بەڵام هیچ سیناریۆیەک یان بارودۆخێک نییە کە هێزە عیراقییەکان بە زۆرە ملێ خێزان لە ماڵەکانی خۆیان دەربکەن.

وتیشی هەوڵ دەدەن رێگەیەکی ئارام بۆ ئه‌و كاسانه‌ بۆ بدۆزنەوە تا لە ناوچەکانی شەڕ دووریان بخەنەوە.

له‌ 11ی ته‌مموزی 2017، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنیستی) رایگەیاند، سوپای عیراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش چەند جۆرە چەکێکی قورسیان لە ئۆپراسیۆنی موسڵدا بەکارهێناوە کە پێویست نەبوون.

دواتر فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عیراق راپۆرتەکەی رەتکردەوە و وتی: "هێزە عیراقییەکان پارێزگارییان لە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شاری موسڵ کردووە و چەکی سوک و مامناوەندیان بەکارهێناوە، بەڵام بەکارهێنانی چەکی قورسی زۆر سنوردار کردووە، ده‌بێت ئەوەش بزانرێت سەرکەوتنی سوپای عیراق زۆر کەسی بێزار کردووە، بەڵام پێش ئەوەی سەرکەوتنی سەربازی بێت، سەرکەوتنێکی مرۆییە".


AM:09:39:14/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 2096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت